۶.۵.۰۲

کاتیوشا


راهێنانی یەکەم
بابەت: وێنە
کارگەی ئێوارە چیرۆک
کاتیوشا

هەموو خۆیان ئامادەی فڕین دەکرد. یەک یەک و دوو دوو لە لوولەکاندا جێگای خۆیان ئەکردەوە. دەنگی تریقە تریق و پێکەنین پێچ و لولی دەخوارد. روو لە بەرانبەرەکەی خۆیان، تۆزێک بەرەو ئاسمان، نیشانە گیرا. دەنگی تەقە و گرمە. یەک لە دوای یەک هاوێژران. دەست و باڵ دەکرانەوە و، لە ئاسمانی ساماڵ و فێنک وەکوو چەتربازێکی بێ چەتر، بە چاو قونجانەوە، پێکەنین لە زاریان زیاتر دەبوو. میلۆدیێکی کلاسیک هەست پێدەکرا. قژەکان دەشەکانەوە. کەوانەی لێواری گۆی زەوی لەبەردەستدا... باوەشێک بۆ پێداکردن. چەند ساتێک فڕین. هێزی تەقەی کاتیۆشا هەر ئەوەندەی بەرگە گرت. خێرایی بەرەو بەرزتر کەمتر دەبوووە. شۆڕبوونەوە دەستیپێکرد. نەرمەبا بوو بە گڤە گڤ. ترس هەموو جەستەی دەتەنی. قریشک و قاو، گوێی ئاسمانی کەڕ دەکرد. با، دڵۆپ یان فرمێسکی گۆشەی چاوەکانی لەگەڵ خۆی دەبرد. ترپەی دڵ... لەپڕ داچڵەکیم. پاڵم دابۆوە کەوانەی دانێک لە لولەکان و دەمروانیە داچوونی خۆر.