۲۶.۹.۰۲

یادەکان

ڕاهێنانی دووهەم
کارگەی ئێوارە چیرۆک
(سەرەتای چیرۆک ئامادە کراوە لە لایەن کارگەوە ، پێویستە من تەواوی بکەم ناوێک بۆ چیرۆک هەڵبژێرم)



 یادەکان

جاری پێشوش، دوای دوو ڕۆژ بەدوا گەڕانی هەموو بنەماڵە و خزم و دراوسێکان، لە دەرەوەی شار لە سێبەری دارێکدا دۆزیبوویانەوە. بەردێکی لووسی لە دەمی نابوو، دەیمژی.

کاتێک کچە ناوینەکەی دەستی گرتبوو هەڵیسێنێتەوە، دەستی کشاندبۆوە و بە تووڕەییەوە وتبووی: «تۆ کێی بۆ دەستم لێدەدەی؟»

کچەکەی بە گریانەوە وتبووی: «باوکە گیان منم، ئارەزووی کچت. هەستە با بڕۆینەوە ماڵەوە.»

وەک منداڵ لنگەفڕێی کردبوو، وتبووی: «تا دایکم نەیات بەشوێنما، نایەمەوە.»

 

ئەمە چەندوومین جار بوو کە لە چاو تروکانێکدا لە ماڵ دەهاتە دەر و ئیتر ڕێگەی ماڵەوەی لێ تێک دەچوو.

بەڵام ئەمجارە ئەوە بۆ حەفتەیەک دەبوو، کە هیچ سۆراغێکیان نەزانیبوو.

بە هەموو کچەزا و کوڕەزاکانی و تایەفەیانەوە، بست بە بستی کەلێن و قوژبنی شار و دەرەوەی شاری بەدوادا گەڕابوون.

 

لە هەموو دار و دیواری شەقامەکانی شار، وێنەکەیان چەسپاندبوو، نووسیبوویان تکایە ئەگەر هەر کەسێک بینیویەتی، پەیوەندی بکات بەم شمارە تەلەفوونەوە...

لە کاناڵە تلێگرامیەکانی شارەکانی دەورووبەریش هەواڵەکەیان بڵاو کربۆوە.

بەڵام تەنها دەسکەوتی ئەم هەوڵانەیان، قسەی منداڵێک بوو کە خۆشیان نەیاندەزانی باوەڕی پێ بکەن، یان نا !

مێردەکەی ئارەزوو دەیگوت: «کوڕە خوا دەزانێ ئەم منداڵە ڕاست دەکات یان درۆ... کوا حاجی ئاغا گۆچانی ڕەشی پێ بووە لە هەموو تەمەنی کە ئەم منداڵە ئەڵێ؟؟»

 

کامەرانی کوڕە گەورەی لە وەڵامی مێردەکەی ئارەزوو دەیگوت:  «کاکی من، ئەوە تەنها ناونیشانێکە دەستمان کەوتووە، گەر بێت و قسەی ئەو منداڵە ڕاست بێ، ئەمجار دەڵێی چی؟»

 

(لێرەوە من درێژەم بە چیرۆکەکە داوە.)

 

منداڵەکە وتبووی:

مامەحاجیم لە مەدرەسە دیوە. هەمو رۆژێک لە زەنگی ماڵەوەیا ئەیبینم. گۆچانێکی رەشی پێیە و بە حەوشەکەیا تێدەپەڕێ.

 

بەیانیەکەی کامەران دوای سەردانی بەڕێوەبەری مەدرەسە، لە سێبەرێکا پاڵی بە دیواری حەوشەکەیا دا و چاوەڕوانی زەنگی مەدرەسە مایەوە.

 

چاوێکی بە حەوشەکەیا گێڕا. سیمانی سواخدراوی دیواری حەوشەکە لە زۆر جێیان هەڵتەکابوو و ئاجورەکان دەرکەوتبوون. تیشکی گەرمی خۆر مەیدانی حەوشەکەی داگرتبوو. دەنگە دەنگی مناڵەکان لە پەنجەرەی کەلاسەکان دەڕژایە حەوشەکە. بێئەوەی خۆی بزانێت چوە ئەو ساڵانەی وا خۆی لە مەدرەسە ئەیخوێند. دەروازەگۆڵ و تۆڕی فووتباڵ بە نەرمەبایێک دەشەکانەوە.

زەنگ لێدرا و مناڵەکان بە قریشک و قاو حەوشەکەیان داگیر کرد و بەرەو دەرگا پەلەیان بوو و رایان دەکرد. لە پێکەنین هەڵبەزین نەدەکەوتن. بەرەبەرە حەوشەکە چۆڵتر و چۆڵتر دەبوو. دەستێک خزایە دەستەکانیەوە و وتی:

رۆڵە گیان درەنگە بۆ وا حەپەساوی؟ لەماڵەوە دایکت چاوەڕوانمانە.

دەستی باوکی بەسەر گۆچانەکەوە توند گوشی و لەسەرەخۆ بە شوێنیا حەوشەکەیان بەجێهێشت.


فەرهاد نێعمەتپور

1402