ژوانگه‌ی مه‌جازی
شتێک له ناخمدا ده‌جوڵا و سه‌ره‌تاتکێی بوو. دیتنی پێکه‌نینێک هه‌ژاندبومی. ئه‌و پرچه خاوه‌ی که به قژگیرێک له پشته‌وه گرێدرابوو، به‌لامه‌وه رووداوێکی ساده نه‌بوو، تابلۆیێکی دڵڕفێن بوو. هه‌ر کات ده‌مبینی ته‌زویه‌کی خۆش به له‌شمدا راده‌خوشی. زۆرتر گوێم له ئاهه‌نگی قسه‌کانی بوو هه‌تا ناوه‌رۆکی وشه‌کان. له‌گه‌ڵ دڵه‌ڕاوکه‌یێکی زۆر به شوێن رسته‌دا ده‌گه‌ڕام هه‌تا زیاتر بیدوێنم. به‌ڵام چ سود. له‌حن و مۆسیقای وه‌ڵام گێژو وڕی ده‌کردم. زه‌رده‌خه‌نه‌ی پاش وتنی رسته‌که به شێنه‌یی رۆحمی ده‌شێلا و ئهوندهیتر له ماناکان دووری ده‌خستمه‌وه. جێگایێک بۆ وشه نه‌مابوو، نیگایێک سنوری هه‌موو رسته‌کان، هه‌رچی وشه هه‌یه ده‌یبه‌زاند
وشه و مانا بۆیه به‌که‌ڵکن، چونکا یارمه‌تیت ده‌ده‌ن تێبگه‌یت و پاشان چێژی لێوه‌ربگریت. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به وشه‌وه ده‌ستی پێنه‌کرد، به‌ڵکو وشه دوای لێکدان و زرینگه‌ی هه‌ست و چێژوه‌رگرتن هه‌ڵده‌قوڵا
هه‌موو جارێک له کاتی حه‌سانه‌وه‌ی کرێکار و خزمه‌تکاره‌کانی هۆتێل له ژووری حه‌وانه‌و‌ه‌ی گشتی ده‌مبینی. ئه‌و چه‌ند ده‌قیقه که له پاڵ یه‌کتر یان به‌رانبه‌ر یه‌کتر بۆ خواردنه‌وه‌ی کافه‌یه‌ک داده‌نیشتین، هێزێک هه‌موو جه‌سته‌می ده‌لاواند. زۆر جار ده‌ستپاچه ده‌بووم و به جیاتی قسه‌کردن مۆنتر ده‌بوم و کافه‌که‌شم زۆر به په‌له‌و ناقۆڵایانه هه‌ڵده‌قوڕاند
له خۆم ده‌پرسی، ئایا ئه‌مه عه‌شقه یان ته‌نیا هه‌ستێکی ئاسایی دوای بینینی جوانیی ئافره‌تێکه، یاکو سێکسه که به‌ره‌و گه‌ردنی سپی و بۆنی سینه‌و به‌رۆک هانم ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی خۆم زیاتر شی بکه‌مه‌و و زیاتر تێی بگه‌م له هاوڕێکم که له‌گه‌ڵ مندا کاری ده‌کرد، پرسیارم کرد
_ ئه‌رێ تۆ قه‌ت ئاشق بوویت؟
هاوکاره‌که‌م له مێژ بوو ژیانی ئاسایی خۆی به‌جێ هێشتبوو و دوای کۆچ کردن ژیانی غه‌ریبی هه‌ڵبژاردبوو و له دووره‌وڵات ده‌ژیا. نه‌ختێک چاوه‌ڕوانی هێشتمه‌وه. دوای راوه‌ستانێک وتی
_ له ئۆروپا هه‌ست به عه‌شق ناکرێ، نا، تا ئێستا ئاشقی کچی ئوروپی نه‌بووم
وڵامه‌که‌ی به‌ره‌و بابهتێکیتری ده‌بردین، هه‌ربۆیه لێنه‌گه‌ڕام و به خێرایی پرسیارێکیترم لێکرد و وتم
_ ئه‌ی کچی خۆماڵی یان رۆژهه‌ڵاتی؟
خه‌ریکی کار کردن بوو. له‌ته‌قه‌ی وه‌یه‌ک که‌وتنی ده‌ورییه‌کان و هاڕه‌ی مه‌کینه‌ی شۆردن خۆی نوقم کردبوو. به‌ڵام وادیاربوو زۆرتر له

_ ته‌نها یه‌ک جار
ده‌مویست هه‌ستی خۆم به ته‌جروبه‌ی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگێنم و لێکی بده‌م، جگه له‌وه به‌سه‌رهاته‌که سه‌رنجی راکێشام وتم
_ چه‌نده عاشقی بوویت و ئه‌و عه‌شقه چی به‌سه‌ر هات؟
هاوڕێکه‌م بێ ئه‌وه‌ی خۆی بزانێ، له‌ناو ژیانی سه‌ختی په‌ناهه‌نده‌گی و ته‌نیایی داڕمابوو. له ئۆروپا‌و له‌ناو فراوانی ئازادی ده‌ژیا، به‌ڵام پێده‌چوو ته‌نیاییه‌کی کوشه‌نده تێکی شکاندبوو. دوای جێگۆرکانه‌یێکی زۆر و ئه‌م وڵات بۆ ئه‌و وڵات رێگه‌ی پێ‌درابوو کار بکات و ژیانی خۆی به‌ڕێوه به‌رێت. له وڵامدا وتی
_ له شارێکی‌تر ده‌ژیا. ماوه‌ی چه‌ند مانگێک پێکه‌وه قسه‌مان ئه‌کرد. ته‌نیا وێنه‌که‌یم دیبوو. هه‌تا جارێک ئادره‌سی شایی و زه‌ماوه‌ندێکی دامێ و پێی وتم وه‌ره با له‌وێ یه‌کتر ببینین
بیرم فڕی و ئه‌و کاته‌م هێنا به‌رچاوی خۆم که یه‌کتریان بینیوه و که هه‌ردووکیان چۆن له ناوه‌وه خرۆشابێتن. به په‌له بۆ ئه‌وه‌ی به پێشبینیه‌کانی خۆم رووداوه‌که نه‌گۆڕم و نه‌یخه‌مڵێنم، وتم
_ ده‌ی، دیت؟
_ نا
_ بۆ؟ نه‌هات؟
_ نا، من نه‌چووم، نه‌خۆش که‌وتم
لێی رامام و ئیتر پرسیارم لێ نه‌کرد، لێره‌وه چاوه‌ڕێ مام هه‌تا خۆی قسه‌کانی ته‌واو بکات. درێژه‌ی به قسه‌کانی دا‌و وتی
_ یه‌ک حه‌فته له جێ‌دا که‌وتم. ئه‌و حه‌فته نه‌متوانی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م. که هه‌ستامه‌وه زۆر ماتڵی بووم و حهولمدا قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌مه‌وه، به‌ڵام هه‌ر رێنه‌که‌وت و نه‌کرا. شه‌و و رۆژم لێگۆڕابوو. مانگ تێپه‌ڕی. ده‌چوومه ئه‌و ئادره‌سه‌ی که له‌وێ پێکه‌وه قسه‌مان ده‌کرد. نامه‌م بۆ نارد، جوابی نه‌بوو. هه‌تا له لایه‌ن هاورێیه‌کمه‌وه خه‌به‌ردار کرام ماره کراوه
وتم
بۆ نه‌تده‌توانی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ی؟ مه‌گه‌ر قسه‌کردن و پێوه‌ندی تۆ و ئه‌و به چ شێوه‌یێک بو
وتی
_ به ئینتێرنێت و له رێگای چات کردن
فه‌رهاد نێعمه‌تپوور
24.03.07