راهێنانی سێهەم
بابەت: دیالۆگ
کارگەی ئێوارە چیرۆک
«خۆشەویستی و مەرگ»
لەبەر ئاوێنەدام. خەریکی لەبەرکردنی جلەکان و خۆلەدەقدانم، دوایش
لادان و رێک کردنی قژەکانم و چەند فسەیەک ئۆدکلۆنێ بۆن خۆش. بزەیێکم دێ.
تەلەفونی ماڵەوە زەنگ لێئەدات، هاوڕێیێکە:
- دەنگی گریان لە زەماوەندەکەی دوێنێکەوە دێت.
بزەکە لەسەر لێوم ماوە، ئەڵێم:
- بۆ مەگەر ژن هێنان گریانی دەوێت؟
- نا، بەڵام هەندێک لە مردنەکان بە شاییەوە
دەسپێدەکەن.
گوێم لە کرتەی دانانی تەلەفونەکەیەتی. هێشا سڕم و تەلەفون بە
گوێمەوەیە. سەرەتا بێدەنگی، دوایی دەنگی هۆشداری بەردەوامی تەلەفونەکە دوود -- دوود
– دوود لەگەڵ خۆی دەمبات. دەنگ و بێدەنگی تەواوکەری یەکترن. بە بێ ئەمیان ئەویتر
مانای نامێنێت. وەکوو بوون و نەبوون. هەتا نەبوون نەبێت، بوون وێنا ناکرێت.
دەچمەوە بەر ئاوێنەکە. ئامادەم. تاکسیەک دەگرم و دەگەمە کۆڵانی
شاییەکە، خۆ بە حەوشەکەیا دەکەم. بانگهێشت کراوەکان هەموو بە جل و بەرگی رازاوەوە
بە پەشۆکاوی دێن و دەچن. روو ئەکەمە هاوڕێیێکم. لە سوچێکی حەوشەکە هەڵتروشکاوە. بە
هەردوو دەستم سەری ئەگرم و سەری بەرز ئەکەمەوە. فرمێسکەکان دەڕژێن. بە هەنیسکەوە
لێم دەپرسێت:
- ژیانی خۆشەویستی هەمیشە ئاوا کورتە؟
سەرم ئەسوڕێنم و ئەڕوانمە هاوڕێیێکیتر.
دەڵێ:
- لە بیمارستانن. خوا ئەزانت بمێنن یان نا.
لاجانگی هێشتا لە ژێر تەوژمی دەستەکانمەوەیە. بەری نادەم. ئەویش بە
بێ شەرم فرمێسک دەڕژێنێ و دەیلاوێنێتەوە:
- فەرە گیان بۆ بەجێت هێشتین... زۆرت خۆشدەویست...
گریان بینم پێ دەگرێ. باوەشی پیا دەکەم.
ئێوارێ دێت. دوو دارمەیت بەسەر دەستی خەڵکەوەن. بووک و زاوا. دەنگی
هەنگاوەکان وەک خشپەی ئەرتەشێکی بێ چەک جادەی گۆڕستانی قەراغ شاری تەنیوەتەوە. بە
دەستی دایکی بوک و زاوا هەڵوای سێ رۆژانە بەسەر خەڵکا دابەش دەکرێت.
لە فێنکایی دارستان، دەنگی پاچ و بێڵاسن و هەڵکەندنی قەبر دێت. بۆنی
گڵی گۆڕە هەڵکەندراوەکە بڵاو دەبێتەوە. دوو دارمەیتەکە لەوێن. خەڵکەکە وەک هەنگ
پورەی قەبرەکانیان داوە. دارستانەکەش هەموی یەکجێ داپۆشیون.
گوێم لە خەڵکەکەیە. بەیەکەوە دەدوێن:
- لە یەکەم شەوی دەست لە ملانێدا گیانیاندا.
- وەک دەڵێن بووک لە نێوان مەرگ و شەرمدا، شەرمی
هەڵبژاردوەو نەهاتۆتە دەر.
- دەڵێن فریا نەکەوتون دەرگای حەمامەکە بکەنەوە.
- نا نا، زاوا هاتبوە دەر بەڵام لە ناوەڕاستی
هاڵەکەیا بوراوەتەوە.
- هەر شەو گاز گرتبوونی و ئیتر بەیانی فریای
خەستەخانە نەکەوتبوون.
۲۹ گەلاوێژ 1402