گو‌ڵی شۆڕان"م خوێنده‌وه"
من پێم وایه داستانی گو‌ڵی شۆڕان سه‌رله نوێ له لایه‌ن نوسه‌ره‌که‌ی بنووسرێته‌وه. ئه‌ویش نه‌ک وه‌ک کورته رۆمان، به‌ڵکو وه‌ک رۆمانێکی گه‌وره. گو‌ڵی شۆڕان هه‌وێنی ئه‌وه‌ی پێیه که بکرێ به رۆمانێک تا شان له شانی رۆمانه گه‌وره‌کان بدات. بابه‌ته‌کانی داستان زۆر پان و به‌رین ده‌بنه‌وه. جێگای جوڵه‌ی قه‌ڵه‌م ئاوه‌ڵایه بۆ ده‌رهێنانی که‌سایه‌تی تازه له داستان بۆ لێکدانه‌وه‌ی زیاتر له روداوه‌کان و چونه خواره‌وه به ناخی حاڵه‌ته ئینسانیه‌کان و باس کردنیان. هه‌مو خه‌ونه‌کان جێگایان ئه‌بێته‌وه
تارماییه‌کان ناڕه‌وێنه‌وه. کاتێ خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی داستانه‌که ئه‌بێته‌وه، ئه‌که‌وێته قوڵکه‌یێکی ره‌ش له مێژوو. داستان وه‌ک هه‌واڵ رووداوه‌کان ئه‌گێرێته‌وه. سوژه‌ی داستان بیلقووه له فانتازیایه‌کی هونه‌ری به‌ربڵاو به‌هره‌مه‌نده به‌ڵام خۆی له‌م رۆمانه نابینێته‌وه و نامۆیه. داستان شه‌وێکه، که گێڕانه‌وه له ناویا به‌قه‌د پشکۆیه‌ک ده‌وررو به‌ری خۆی رووناک ئه‌کاته‌وه
داستان ته‌سویرێکی کامل له زێهنی خوێنه‌ر به جێ ناهێڵێ. فه‌زاسازی، ته‌سویرسازی... سپێردراوه‌ته ده‌ست خوێنه‌ر. یه‌کێک له فه‌رقه‌کانی رۆمان له‌گه‌ل کورته چیرۆک ئه‌وه‌یه که کورته چیرۆک نه فه‌زاسازی ئه‌کات نه جێگاشی ئه‌بێته‌وه و نه بۆشی گرینگه. کورته چیرۆک ته‌نها یه‌ک مه‌به‌ست باس ئه‌کات و هێنانی بابه‌ته‌کانی دیکه به پێویست نازانێ. هه‌ر بۆیه ته‌وسیف له‌وێدا که‌من و له چه‌ن رسته‌ی چڕ‌و بڕ قایل ئه‌بێت
دوای خوێندنه‌وه‌ی کورته چیرۆک، خوێنه‌ر ئه‌توانێ به که‌یفی خۆی بابه‌تی داستان بگوێزێته‌وه بۆ شوێن و نه‌فه‌ری جۆراوجۆر. په‌یامێکی قورس و روونی پێیه که مێشکی خوێنه‌ر ئه‌خاته جوڵه. په‌یامه‌که له زێهنی هه‌ر خوێنه‌رێکدا به جۆرێک له جۆره‌کان ره‌نگ ئه‌داته‌وه... به‌ڵام رۆمان ئه‌رکی له‌وه زیاتره‌و ته‌وسیفی زیاتری ده‌وروبه‌ر و که‌سایه‌تیه‌کانی ناو داستانه‌که‌یه. له شی کردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌کانی دیکه‌ی مرۆڤه‌کانی ناو داستان زیاتر ئه‌کۆڵێته‌وه‌و تارماییه‌کانی که‌سایه‌تی قاره‌مانه‌کانی ناو داستانه‌که (به هه‌مو که‌م و کوڕیه‌کان و خاڵه به‌هێزه‌کانی خۆی) ئه‌ڕه‌وێنێته‌وه‌و روونی ئه‌کاته‌وه. به جۆرێک که که‌سایه‌تیه‌کانی ناو داستانه‌که ئیتر سه‌ربه‌خۆ به زاتی خۆیانن
له رۆمان، پێدانی چوارچێوه‌یه‌کی فیزیکی به هێز به خوێنه‌ر پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی که خوێنه‌ر بزانێ له کوێدا وێستاوه و بتوانێ پێوه‌ندیه‌کانی که‌سایه‌تیداستان له‌گه‌ڵ داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگاکه‌ی تێبگات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داستان باسی گێڕانه‌وه‌یێکی ده‌رونی بکات. له رۆمانی ده‌روونیشدا، رێگاکان و کۆڵانه‌کانی ناو خه‌یاڵاتدا چوارچێوه‌یان هه‌یه. ئه‌و شتانه‌ی که پێویسته خوێنه‌ر بیانزانێ، ته‌وسیف ئه‌کرێن
رۆمانی گو‌ڵی شۆڕان له فه‌زایه‌کی واقعی دروست بوه و روو ئه‌دات. هه‌ر بۆیه ئه‌شێ ئه‌و فه‌زایه زۆر به جوانی ته‌وسیف بکرێ. تئۆری سپاردنی ته‌کمیلی فه‌زای داستان به خوێنه‌ر لێره‌دا سه‌که‌وتو نیه. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بتوانێ باشتر داستانه‌که تێبگات پێویسته مێژوو بخوێنێته‌وه. چونکا داستانێکی خه‌یاڵی له مێژوویه‌کی واقعی دارێژراوه. هه‌ر بۆیه ئه‌رکی نوسه‌ر زیاتره. ئه‌بێ ره‌وتی مێژووش به خوێنه‌ر بناسێنێ
دنیای داخراو و بێ ئیرتیباتی ئه‌و سه‌رده‌مه له جۆری گێڕانه‌وه‌ی نوسه‌ریش کاریگه‌ری هه‌بوه. نووسه‌ریش به جۆرێک له جۆره‌کان نازانێ بۆ عه‌شایه‌ری مه‌نته‌قه به‌هێز ده‌بن، نووسه‌ریش وه‌کوو مرۆڤی سه‌رده‌می داستان له هاتنی روسه‌کان وڕه. خوێنه‌ریش سه‌رسام فه‌رامۆش ئه‌کرێ. نووسه‌ر به وتنی چه‌ند رسته، هه‌واڵێک ئه‌ڵێت، به بێ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا یان ئاخری هه‌واڵه‌که یان چوارچێوه‌ی ئه‌و له خه‌للاقییه‌تێکی هونه‌ری دابڕڕێژێ. ئیتر لێکدانه‌وه‌کانی کۆماڵناسی و ره‌وانشناسی و مێژووناسی... لێره‌دا ونه. هه‌واڵ ئه‌وترێ و به‌س. ئه‌گه‌رچی قه‌رار نیه داستان نوس دانێک له‌م پسپۆڕانه بێت. به‌ڵام ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م عیلمانه له داستاندا ونن. له ته‌واوبوونی داستانیشدا هیچ تئۆریه‌ک پێشکه‌ش به زێهنی خوێنه‌ر ناکرێت
نوسه‌ری داستانی گو‌ڵی شۆڕان نوقمی خه‌یاڵاتی خۆیه‌تی، تا راده‌یه‌ک که له بیری ئه‌چێته‌وه که خوێنه‌ر پێشینه‌ی (به‌ک گراوند) ئێحساسی نووسه‌ری پێنیه و پێویسته زیاتر بۆی شی بکرێته‌وه و له سه‌ری بڕوات. ئه‌و پێی وایه خوێنه‌ریش زانیاری و ئیحساسه‌کانی ئه‌وی پێیه بۆیه نووسه‌ر له درووست کردنی دنیای داستان که‌ڵکیان لێ وه‌رناگرێت و هه‌ر بۆیه له رۆکردنی رۆحی داستان به مێشکی خوێنه‌ر ته‌واو سه‌رناکه‌وێت
هه‌ڵێنجانی باری فه‌رهه‌نگ وه‌ک جۆری هه‌ڵسان و دانیشتن و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه، شێوه‌ی ژیان کردنیان و هه‌روه‌ها کێشانه‌وه‌ی دوباره‌ی شکڵی شار و شێوه‌ی ماڵه‌کان و کوچه‌و کۆڵانه‌کان... له ئه‌نجامدا دروست کردن و هێنانه به‌رچاوی رۆحی ژیان کردنی ئه‌و سه‌رده‌مه یه‌کێکه له که‌م و کۆڕیه‌کانی پڕۆسه‌ی ئیلقا و گه‌یاندنی دنیای زێهنی نووسه‌ر با خوێنه‌ر له‌م رۆمانه‌دا
هه‌ر بۆیه دڵنیام ته‌نها که‌سێک که زۆرترین چێژ له خوێندنه‌وه‌ی داستان وه‌رئه‌گرێت، هه‌ر نووسه‌ر بۆخۆیه‌تی و له پاشان هاوته‌مه‌نه‌کانی هاوشاری ئه‌و و هه‌روه‌ها له‌و به ته‌مه‌نتره‌کانن. جا به تێپه‌ڕ بوونی زه‌مان، داستانیش سه‌رده‌م بوونی خۆی له‌ده‌ست ئه‌دا
مه‌به‌ست له سه‌رسام بوونی خوێنه‌ر، نه‌دۆزینه‌وه و نه‌بونی په‌یوه‌ندی رووداوه‌کان له داستاندایه، نه‌ک هۆی روودانی رووداوه‌کان
په‌ی نه‌بردن به هێزی رێکخه‌ری رووداوه‌کان له‌م دنیا ئاڵۆزه‌دا، ئێستاش یه‌کێکه له پرسیاره‌کان که مرۆڤی ئه‌م سارده‌مه‌ش وڵامی ته‌واوی پی نیه و دۆش داماوه. به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا ئه‌وه‌ش ئاشکرایه که هه‌ر سللولێک و په‌یدا بوونی هه‌ر دۆخێک له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی دونیا گرێدراوه به هوموو دۆخه‌کان و سلووله‌کانی تری ئه‌م جیهانه
له‌م داستانه‌دا له هه‌ندێک ئه‌کته‌ری ئاماده که‌ڵک وه‌رئه‌گیرێ که تێگه‌یشتنیان زۆر موشکیله. من پێم وایه که نووسه‌ریش نازانێ کێن و خوێنه‌ر به په‌له‌یه که دێڕه‌کانی تر یان لاپه‌ڕه‌که‌یتر بخوێنێته‌وه تا به‌شکم تێی بگا و له‌م سه‌رگه‌ردانیه نه‌جاتی ببێت به‌ڵام گوشاره‌که ئه‌مێنێته‌وه‌و له ئاکامیشدا وه‌ک خاڵێکی ره‌ش که ناتوانێ ئه‌و سه‌رنجه‌ی که به دوای خۆیدا رایکیشاوه تێرئاوی بکا و وه‌ک تێکنیکێکی داستان نووسین ده‌سته‌وه‌ستان ئه‌مێنێته‌وه.
گو‌ڵی شۆڕان ئه‌فسانه نیه که ئێمه‌ش ئه‌م ئه‌کته‌ره خه‌یاڵیانه وه‌ک ئه‌فسانه وه‌رگرین و کرده‌وه‌شیان هه‌ر له دنیای ئه‌فسانه‌دا هه‌ڵسه‌نگێنین، هه‌ر بۆیه ئه‌م که‌سایه‌تیانه به زۆره‌ملی خنراونه داستان و نامۆن و تارماییه‌که‌ش ئه‌وه‌نده‌یتر ئابلۆقه‌مان ئه‌دا. (پیره‌مێردی کوێستان و پیره‌مێردی ماڵی وسوو ئاغا)
وه‌ک نموونه‌یێک داستانی مه‌سخی کافکا ئه‌هێنینه به‌ر ده‌ست و له سه‌ری ئه‌دوێین. ئه‌گه‌ر چی له داستانی مه‌سخ ئینسانێک ئه‌بێت به قالۆنچه و بابه‌تی داستان له حاڵه‌تی واقع ده‌رئه‌چیت به‌ڵام تئۆری به قالۆنچه‌بوون له‌وێدا ئه‌وه‌نده به هێز و جوانی شی ئه‌کرێته‌وه که واقع و خه‌یاڵ تێکهه‌ڵه‌چن به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به تێکه‌ڵ نه‌بوونیان بکرێ. فانتازیای به قالۆنچه بوونی ئینسان چوارچێوه‌ی بۆ داده‌رێژرێ و هه‌موو حاڵه‌ته رۆحیه‌کانی ئه‌و مرۆڤه و ئه‌و دۆخه ده‌قواستریته‌وه بۆ رسته‌کانی داستان وخوێنه‌ریش به‌شدار ئه‌کرێت. هه‌ر به‌و هۆیه قالۆنچه بوونی ئینسان یان لانی که‌م توی ئیمکانی ئه‌و ته‌بدیل و گۆڕانه له زێهنی خوێنه‌ر درووست ده‌بێ، به‌ڵام ئێمه له گو‌ڵی شۆڕان نازانین ئه‌و کابرایه بۆ وای لێهاتوه و رابردوی چیه (مالی وسو ئاغا) یان پیره پیاوی به‌ر بارانی ئه‌و شاخه بۆ وا مت و بێده‌نگه. یان ره‌نگه نووسه‌ر خۆی له ناو باران و بادا ده‌شارێته‌وه. نووسه‌ر ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ی درووست کرد به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت و خۆی لێ ئه‌شارێته‌وه و وله ترسا ئه‌چێته ناو قۆخی کابرادا
تێپه‌ڕینی سه‌ربازه‌کانی رووس له سه‌ر پردێکی نزیک ئۆتریش (له کتێبی شه‌ر و ئاشتی تۆلستۆی) و ته‌وسیف، ساخ کردنه‌وه و دیسانه‌وه زیندوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و روداوه (هه‌م له حاڵه‌ته رۆحیه‌کانی سه‌ربازه‌کان هه‌م چۆنیه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌وان و قیافه و شکڵی سه‌ربازه‌کان و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی ئه‌وان...) به راده‌یه‌ک به توانایه که خوێنه‌ر زۆر به ئاسانی ئه‌توانێ له پێش چاوی خۆیدا دیسانه‌وه دروستی بکاته‌وه و ته‌نانه‌ت گوێشی له ته‌قه‌ی سمی ئه‌سپه‌کان بێت. به‌ڵام کاتێ خه‌ڵکی شاری بانه ئاواره ده‌بن و له شار ئه‌چنه ده‌ر، خوێنه‌ر نازانێ چۆن روو ئه‌دات. وه‌ک ئه‌وه وایه ته‌نیا هه‌واڵیک بداته ده‌ست خوێنه‌ر و به‌س. ئیتر ته‌سه‌وری ئه‌و روداوه مومکین نیه چونکا لێره‌دا خه‌به‌ره‌و هه‌والنێری ده‌کرێت نه‌ک داستان نوسین. به خوێندنه‌وه‌ی داستانی "جنگ و صلح" تۆلستۆی سه‌رده‌مێکی گه‌وره‌ی ئۆروپا له‌به‌ر چاوی خوێنه‌ر روناک ئه‌بێته‌وه. به راده‌یه‌ک که مرۆڤ پێی وایه کتێبێکی مێژوویی زانکۆی خوێندۆته‌وه له هه‌مان حاڵ‌دا قه‌ت قه‌واره‌ی مێژوو نووسین له‌م داستانه‌دا دیار نیه و ئه‌وه‌ش ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنێ که تۆلستۆی به‌هره‌ی له مێژوو وه‌رگرتوه بۆ داستان نووسین و به هونه‌ری داستان نووسین ئه‌و ده‌یان ساڵه‌ی بۆ ئێمه زیندوو کردۆته‌وه
2004 فه‌رهاد نێعمه‌تپور
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر