
دیسان ئێوارێ... نه رۆژه و نه شه‌و. هه‌ردووکیانه و هیچیان. ره‌نگه رووناکی بێت که تارمایێکی له سنگدا حه‌شار داوه، یان تاریکیه‌ک که روناکیێکی له دڵدا هه‌ڵگرتوه. تاریک و روون له یه‌ک کاتدا ئه‌فسوناوین. جا ئه‌گه‌ر به ره‌نگی نارنجی بخه‌مڵێت یان به جریوه‌ی باڵنده‌کانی ئێوارێ حه‌جم بگرێت. چاوی له تابلۆی ئێوارێدا بۆ شوێنێکی نادیار ئه‌یڕوانی و ئه‌گه‌ڕا که ته‌لێفۆن زه‌نگی لێدا:
- ئه‌لۆ فه‌رمون
دوای نه‌ختێک بێده‌نگی
- ئه‌لۆ ئه‌م کاته‌ت باش. ده‌نگت دوای ئه‌م هه‌موو کاته نه‌گۆڕاوه. ئه‌مناسیه‌وه؟
جۆری ئه‌دا کردنی رسته‌کان، ده‌نگی و پرسیاره‌که‌ی به‌روه قوڵایی بیره‌وه‌ریه‌کان بردی. بردی زیاتر له سی سال پێشتر. ئه‌و ساڵانه‌ی که هێشتا لاوێکی لاواز و چاوگه‌ش بوو. کراسێک و پانتۆڵێکی له‌به‌ر ئه‌کرد. رۆژانه ئه‌چوو بۆ چاپخانه و له به‌شی لاوان‌دا کاری ئه‌کرد. ئێواران کاتێ به‌ره‌و ماڵ ئه‌گه‌ڕایه‌وه، به نیگا به شوێن کیژێکی چاوره‌شی دراوسێیان ئه‌گه‌ڕا. دوو ده‌رگا ئه‌ولاتری مالی خۆیانی سه‌یر ئه‌کرد. گه‌لاوێژ زۆربه‌ی ئێواران کراسێکی سوری له‌به‌ردا بوو. ئێواره‌یێک چاره‌که‌یێک نانی هێنا. وتی: ئیمڕۆ نانمان کرد. دراوسێمان له‌بیر نه‌کرد.
ئه‌و ئێواره‌یه ده‌ستیان له ده‌ستی یه‌کتر درا
- ببورن دلنیا نیم
- ده‌مێک ساڵه به شوێنتا ئه‌گه‌ڕێم. نه‌مده‌زانی نزیک به یه‌کتر ئه‌ژین
رووناکی هه‌تا ئاسمانی رۆژاوا پاشه‌کشێی کردبوو. ئێوارێ ورده ورده لێڵتر ده‌بوو. تاریکی هێدی هێدی روناکی له باوه‌شی خۆیدا ده‌شارده‌وه، باوه‌شێکی سور و زه‌رد ... . تارماییه‌ک نزیک په‌نجه‌ره، به‌رانبه‌ر به رۆژئاوا دانیشتبوو. ته‌نیا به ئاسته‌م شوێنه به‌رجه‌سته‌کانی روومه‌تی دیار بوون. چاوه‌ڕوانی خێزانی بوو بێته‌وه. خێزانی له خانوی پیر و به ساڵاچووه‌کان کاری ئه‌کرد. ئه‌م له‌و رۆژێوه رێگای هه‌نده‌رانی گرتبوه به‌ر، خۆی له قه‌ره‌ی کار نه‌یابو. هه‌ر به‌و هیوایه‌ی رۆژێک بێت و بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌که‌ی خۆی. هه‌موو رۆژ و ئێوارانی له چایخانه و به سیگارکێشان تێپه‌ڕ ئه‌کرد. کاتێ گه‌یشتنه ئه‌م شاره جوان و خنچیلانه‌یه، کوڕه‌که‌ی هێشتا ساوا بوو. به‌ڵام ئێستا کوڕێکی لاو نه‌ختێک ره‌شتاڵه کوت‌ومت وه‌ک خۆی و تافی لاوی خۆی ئه‌هاته به‌ر چاوی
- گه‌لاوێژ تۆی؟ له کوێیت؟ ژیانت چۆنه؟ منت چۆن دۆزیه‌وه؟
- شه‌ڕ کوێره‌و ژیان ئه‌شێوێنێ، هه‌روه‌ک چۆن تۆی له من ون کرد و ژیانی منی شێواند.
شار له گڕ و تینی سه‌رکه‌وتنی شۆڕش ده‌خرۆشا. لاوه‌کان به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بۆیان بکرایه له کاره هاوبه‌شه‌کانی شار به‌شداریان ئه‌کرد. فه‌ره‌یدونیش له به‌شی چاپه‌مه‌نی و بڵاوکردنه‌وه‌دا به‌رپرس بوو. که ئێواره دائه‌هات به‌ره‌و فێنکایی کۆڵان ده‌گه‌رایه‌وه. ئێواران تامێکی‌تری ئه‌دا. دڵی وه‌کوو شار پڕ بوو له جموجۆڵ و لێدان. به په‌له شتێکی ده‌خوارد و به‌ره‌و ژوانگه سه‌رئه‌که‌وت. ئاه... ئه‌وکات که سه‌ریان ئه‌خسته سه‌ر شانی یه‌کتر ئیتر هه‌ستی به فڕین ئه‌کرد. ده‌توت باڵنده‌کانی شارن که له ئێواره‌یه‌کی خۆڵه‌مێشی بۆ هێلانه ده‌گه‌ڕێن. قه‌ت ئه‌و ئێوارانه‌ی له‌بیر نه‌ده‌چۆوه که پێکه‌وه ئه‌چونه سه‌ربان و هه‌تا دره‌نگ له‌سه‌ر به‌ڕه‌یێکی دڕا‌و داده‌نیشتن و به سه‌عات سه‌ریان به سه‌ر یه‌که‌وه ده‌نا و ده‌ستیان له له مل و قه‌دی یه‌کتردا ده‌ئاڵاند.
- که شار که‌وته به‌ر هێرش ئێمه‌ش به‌ره‌نگاری بوینه‌وه دواتر به ناچار به‌په‌له پاشه‌کشێمان کرد و رۆشتین. به‌و هیوایه‌ی دوای ماوه‌یه‌ک بگه‌رێینه‌وه، به‌ڵام هه‌یهات... وه‌مزانی هه‌ر به ته‌نیا شار به‌جێ دێڵم، ئیتر نه‌مزانی زۆر شتی‌تریش به‌جێ ده‌مێنن.
- زۆر په‌یامم بۆ ناردی. دیاریم زۆر بۆ ناردی به‌ڵام ئه‌فسوس که قه‌ت نه‌گه‌یشت. ئه‌کرێت جار به جار ته‌لێفۆنت بۆ بکه‌م؟
ویستی بڵێ نا. ویستی بڵێ تازه من ژنم هه‌یه و تۆش ش‌وت کردوه و تازه هه‌ردوکمان مناڵی ئازه‌بمان هه‌یه. ویستی بڵێ تازه چ سود و با ژیانی ئه‌وانی‌تر نه‌شێوێنین. ویستی بڵێ ئاخر بۆ وامان به‌سه‌ر هات و به‌ڵام پێی نه‌وت که هه‌موو ئه‌م ساڵانه ئه‌شقی ئه‌و جێگایه‌کی تایبه‌تی بوه له دڵیا. ئیتر پێی نه‌وت هه‌تا ئه‌م دواییانه‌ش هه‌ر خه‌وی پێوه ئه‌دیت. ئیتر نه‌یوت له ته‌نیاییه‌کانیدا، له‌و کاتانه‌ی سه‌ری به پێکێک گه‌رم ئه‌کرد زۆر جار فرمێسکی رشتوه. ئیتر نه‌یوت ...
نوقمی تاریکی ببو. ئه‌م دیوی په‌نجه‌ره و ئه‌و دیوی په‌نجه‌ره ئه‌نگوسته‌چاو. ئێواره بۆیه خه‌مگینه چون له‌م جه‌نگه‌دا؛ جه‌نگی نێوان تاریک و روون، روناکی ئه‌یدۆڕێنێ. ئێواران ئاوێته‌یه‌که له خۆشی و ناخۆشی. خه‌مگینێک که چێژی لێ وه‌رده‌گیرێ. ده‌زانی روناکی به‌زاوه به‌ڵام دڵنیاشی له‌وه‌ی ده‌نگ ماوه که تاریکی ده‌به‌زێنێ.
- که ته‌قه ده‌ستی پێ‌کرد، دوای پێچانه‌وه‌ی چاپخانه و که‌ل و په‌ل، هاتمه به‌ر ماڵه‌وه به شوێنتا. به‌ڵام دیار بوو ئێوه زوتر رۆشتبوون و خۆتان ده‌رباز کردبوو. منیش نه‌مده‌زانی به‌ره‌و کوێ چوبون؟
- له ترسی باوکم نه‌مده‌ویرا بڵێم نایه‌م. ده‌ستی گرتین و بردینی بۆ مالی خزمێکمان له شارێکی دوور. وتی دۆخ ئه‌هوه‌ن بۆوه ئه‌گه‌ڕێینه‌وه.. به‌ڵام تۆم لێ ون بویت.
باوکی نارده خوازبێنی، به‌ڵام وتیان گه‌لاوێژ هه‌ر له مناڵیه‌وه نیشان کراوه. ناکرێت. نابێت. زۆرکه‌سی نارده تکاکار. وتیان نابێت ئابڕومان ئه‌چێت. ئاخرین ئێوارێی پێکه‌وه بوون، گه‌لاوێژ زۆر گریا. بڕیاریان دا پێکه‌وه له‌و شاره بڕۆن.
- زۆر سه‌یره. ویستمان له ده‌ست ئه‌و شاره هه‌ڵێین، بڕۆین بۆ جێگایه‌کی دوور. به‌ڵام که راشمان کرد هه‌ر به یه‌کتر نه‌گه‌یشتین، ته‌نانه‌ت له یه‌کتر ون بوین.
- ئێستا چی؟ ژنت هه‌یه؟ خۆشت ده‌وێ؟ زۆر حه‌ز ئه‌که‌م بۆ جارێکیش بێت بتبینمه‌وه.
ئه‌و شاره‌ی فه‌ره‌یدون تێیدا ده‌ژیا، شارێکی چکۆلانه‌ی سه‌ر سنوور بوو. چکۆلانه و خاوێن. گه‌لاوێژیش له شارێکی ئه‌ودیوی سنوور له وڵاتێکی‌تر ده‌ژیا. به‌ڵام خه‌ڵکی هه‌ردو وڵات به بێ گرفت هات و چۆی یه‌کتریان ده‌کرد. هه‌مو ئێواره‌یه‌ک تا دره‌نگ قسه‌یان ئه‌کرد.
دوو پنت ناگه‌ن به یه‌ک، مه‌گه‌ر به هێڵ. دوو شاریش به جاده. سوار قه‌تار بوو، دوای نیو سه‌عات گه‌یشته جێ. که دابه‌زی سه‌ره‌تای ئێوارێ بوو. ئه‌مسه‌راوسه‌ری وێستگه‌ی قه‌تاره‌که‌ی سه‌یر کرد. نه‌یدۆزیه‌وه. قه‌تار دیسان ملی هێڵی گرت بۆ پنتێکی‌تر. خه‌ڵک وێستگه‌یان جێ‌هێشت. له چوڵایی ئه‌وپه‌ڕی وێستگه، ژنێکی کراس ره‌شی دی. نزیک و نزیک‌تر. باوه‌شیان کرد به یه‌کدا. پرچه سپیه‌کانی کورت کرابونه‌وه. چاو هه‌مان چاو. رومه‌ت گۆشتن به‌ڵام ترازاو. گه‌لاوێژ سه‌ری خسته سه‌ر شانی. وه‌ک ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌کی زۆر له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا له گه‌رویدا په‌نگی خواردبێته‌وه و ئێستا له پڕ بتوانێت بیدرکێنێ و بیڵێت به ده‌م هه‌نیسکه‌وه وتی:
- ئه‌و پیاوه‌ی نیشان کرابوم لێی ئێستا مێردمه. پیاوێکی باشه. ئێمه‌ش دوای چه‌ند ساڵێک دژواری، رامان کرد و هاتینه ده‌ر. هه‌موو ئه‌م ساڵانه ئه‌شقت له دڵما هه‌ر مابو و ماوه. شوم کرد به‌ڵام هه‌ر تۆ ئازیزم بویت، هه‌ر تۆ پیاوی شه‌وانی من بویت. ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێت من ئاماده‌م جیا ببمه‌وه و پێکه‌وه بژین. وه‌کو ئه‌و کاته‌ی قه‌رار بوو پێکه‌وه فیرار که‌ین. وه‌ره ببه به خاوه‌نی ئه‌م دڵه ئاشقه‌ی خۆت. با چێژ له ده‌ست له ملانێ وه‌ربگرم. با بزانم تامی باوه‌ش و ماچ چیه... ئیتر قسه‌ی بۆ نه‌کرا و دایه پڕمه‌ی گریان. ئه‌گریا به‌ڵام ئه‌یویست بڵێت هه‌میشه هۆکارێک بوه هه‌تا نه‌گات به خۆشه‌ویسته‌که‌ی. چ لێره و چ له‌وێ، چ له ته‌مه‌نی لاوی چ له ته‌مه‌نی پیری، له شه‌ڕ و له ئاشتی، له ترس ئابڕو و شه‌ره‌ف وهه‌زاران شتی‌تر به‌ریان پێ‌ده‌گرت. خۆشه‌ویستی ره‌جم ئه‌کرێت.
هه‌تا ئاخرین باوه‌شه‌کانی ئێواره و بیره‌وه‌ریه‌کان له سه‌ر نیمکه‌تی وێستگه‌ی قه‌تار دانیشتن. گه‌لاوێژ چاوی له فه‌ره‌یدون نه‌ده‌بڕی. قه‌تاری رۆیشتن وێستا. فه‌ره‌یدون سه‌رکه‌وت. کۆڵێک ئاوات و حه‌ز له دڵی گه‌لاوێژ بێ سه‌روشوێن سکاڵایان ئه‌کرد و له ناخیدا گێژیان ده‌خوارد. گه‌لاوێژ تا ون‌بونی، قه‌تاری به چاو به‌ڕێ کرد.
19/12/1386
فه‌رهاد نێعمه‌تپوور سنه