
فه‌رهاد نێعمه‌تپور
ئایا ئازادی تاک له هه‌مبه‌ر خێزاندا ده‌وه‌ستێ یان ده‌توانێ خۆی بگونجێنێ؟ ئایا ده‌بێ بنه‌ماڵه بپارێزین یاکو زۆرتر ده‌بێ به‌ها بده‌ین به تاک و ئازادیه‌کانی؟ زۆر که‌س هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که گونجان به مانای سنوردار کردنی ئازادیه. ئه‌وان ته‌نانه‌ت قانون و یاسا به به‌ربه‌ستی ئازادی ده‌ژمێرن. که‌واته قه‌رارداد و رێساکانی ناو بنه‌ماڵه‌ش هه‌ر رێگری ئازادی تاکن. ئه‌وان ده‌ڵێن: متمانه به قانون ناکرێت چونکا ئه‌و پێداویستیانه‌ی بونه‌ته هۆکاری پێکهاتنی بنه‌ماڵه و سه‌رئه‌نجام بونه‌ته یاسا و نه‌ریت، له ئه‌ساسدا له‌روی قازانجی هه‌ندێک له تاکه‌کان پێکهاتوه‌و ئازادی ئه‌وانیتر پێشێل ده‌کات. که‌واته بنه‌ماڵه و خێزان پێکهێنان به شێوه‌ی ئێستا نه‌ته‌نیا پیرۆز نیه، به‌ڵکو کرده‌وه‌یێکی سته‌مکاریشه. ئه‌گه‌ر سه‌یری وڵاتانی مۆدێڕن بکه‌ین چاومان به شکڵێکی نوێ له بنه‌ماڵه ده‌که‌وێ که ته‌نیا له یه‌ک نه‌فه‌ر پێکهاتوه و به پێی قانونی نوێ ژن و پیاو ده‌توانن ته‌نیا به مه‌به‌ستی دروست کردنی منداڵ سێکس بکه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی بیانهه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌کدا ژیان ببه‌نه سه‌ر و خێزان له شێوه‌ی باودا پێک بهێنن، واته سه‌ره‌نجامی خۆشه‌ویستی به دروستبوونی بنه‌ماڵه نازانن و حه‌ز ناکه‌ن چێ‌کردنی خیزان ئازادی تاکیان لێ بستێنێته‌وه
ئینسانه‌کان بۆ بنه‌ماڵه پێک دێنن؟ ئایا نه‌ریتێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه یان کرده‌یێکی غه‌ریزی و نیازێکی ده‌روونیه؟ ئه‌وه‌ی که دامه‌زراندنی یه‌که‌مین بنه‌ماڵه له مێژوی ئینساندا که‌ی بووه و به چ شێوه‌یێک به‌ڕێوه چووه و هۆکاره‌کانی چی بووه، پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێجگار زۆره. به‌ڵام لێره‌دا پێویسته ئاوڕێکی کورت له مانا‌و مێژوی بنه‌ماڵه‌و خێزان بده‌ینه‌وه
وشه‌ی "Family" واته بنه‌ماڵه له وشه‌ی لاتینی "Famulus" به مانای "خزمه‌تکار" وه‌رگیراوه. ئه‌نگێڵس له کتێبی "سه‌رچاوه‌ی بنه‌ماڵه، ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نداریه‌تی تاکه‌که‌سی" ده‌نوسێت: "پاش گۆڕانکاری له شێوه‌ی ژیان و سیسته‌می ئابوری که مرۆڤی له قۆناغی راوچییه‌تی و کۆکردنه‌وه‌وه به‌ره‌و سیسته‌می شوانی و جوتیاری راگوێزا، پرسی خاوه‌ندارێتی سه‌ری هه‌ڵێنا. هێز و توانای فیزیکی و هه‌ڵسوڕانی پیاو، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی هه‌ندێک که‌ره‌سه‌ی تایبه‌ت له لایه‌ن پیاوانه‌وه، بوون به هۆی ئه‌وه‌یکه له سیسته‌می نوێ‌دا پیاو چاکتر بتوانێت له به‌رهه‌م هێناندا خۆی پیشان بدات. هه‌ربۆیه پیاو بوو به خاوه‌نی که‌ره‌سه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی کارکردن و به‌رهه‌مهێنانی ئابوری. له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو که یه‌که‌مین گروپه‌کانی بنه‌ماڵه چێ بوون که ئه‌ندامه‌کانی ئه‌مانه بون: خوای خاوه‌ن موڵک، کۆیله‌ی خزمه‌تکار، هاوسه‌ری خزمه‌تکار و منداڵی خزمه‌تکار. پیاوی خاوه‌ندار پێویستی به هێزی کاری ملکه‌چ و گوێله‌مست بوو (له کۆیله‌و دیله‌وه بگره هه‌تا ژن و منداڵ)، به‌هره وه‌رگرتن له چێژی سێکس به تاقی ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌کانی و هه‌روه‌ها پێویستی به که‌سانێک هه‌بوو هه‌تا وه‌کوو که‌ره‌سه‌گه‌لێک پارێزگاری له داراییه‌کانی بکه‌ن و بۆ وه‌چه‌کانی داهاتوی خۆی رایانگوێزێت. به بڕوای ئه‌نگێڵس سه‌رهه‌ڵدانی خاوه‌نداریه‌تی ده‌ورێکی گرینگ و سه‌ره‌کی له پێکهاتنی بنه‌ماڵه گێڕاوه و له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریه‌کانی مێژویی به سه‌ر سیسته‌مه‌کانی ئابوری و خاوه‌نداریه‌تی وه‌کو نه‌هادێکی به‌ستراوه به‌وانه‌وه گرێدرا و ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هات." 1
ئه‌گه‌ر سه‌یری پێکهاته‌ی ئێستای بنه‌ماڵه بکه‌ین ده‌بینین رێکخراوه‌یه‌که که له دوو یان چه‌ند که‌س پێکهاتووه. یانی دوو که‌س (ژنێک و پیاوێک) ریک ده‌که‌ون که گروپێکی دوو یان چه‌ند که‌سی پێکبهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له نیاز و پێداویستیه‌کانی مادی، رۆحی و عاتفی، جسمی و جنسی خۆیان پاراو بکه‌ن که ده‌کرێ بۆ هه‌میشه بێت یان بۆ ماوه‌یێکی کورت
ده‌شزانین هه‌ر رێکخراوه‌یێک پێویستی به هه‌ندێک یاسا‌و کردار و جوڵانه‌وه‌ی تایبه‌ت چ له رووی ناوه‌وه و چ له روی ده‌ره‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به ژیانی گروپی خۆی بدات. یانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئه‌م رێکه‌وتنه هه‌ندێک کۆمه‌ک و خۆشی و هیوا له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت، بڕێکیش سنور و حه‌سار به‌ده‌وری خۆیدا ده‌کێشێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی گروپی خۆی بپارێزێت. هه‌ندێک له‌و ئه‌رک و مه‌حدودیه‌تانه ئه‌و قه‌راردادانه‌ن که به ته‌نیا ژن و مێرد خۆیان له‌سه‌ری رێک ده‌که‌ون و هه‌ندێکیشیان نه‌ریتی کۆمه‌ڵگا پێناسه‌ی ده‌کات و به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌دا ده‌یسه‌پێنێت و هه‌ندێکیشیان ده‌بنه یاسای وڵات و ده‌بێت ژن و پیاو وه‌کو قانون له‌ناو بنه‌ماڵه‌دا ره‌چاوی بکه‌ن. ده‌توانین ئازادی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه له‌م سێ حاڵه‌ته‌دا بخه‌ینه ژێر لێکۆڵینه‌وه
به‌رپرسایه‌تی یه‌کێکه له‌و ئه‌رک و مه‌حدودیه‌تانه‌یه‌ی که تاک دوای پێکهێنانی بنه‌ماڵه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی. ئه‌گه‌رچی تاک له ناو کۆمه‌ڵگادا به‌رده‌وام هه‌ندێ ئه‌رکی هه‌یه که ده‌بێ به‌رانبه‌ر به کۆمه‌ڵگا ئه‌نجامی بدات، به‌ڵام کاتێک نه‌فه‌رێک بنه‌ماڵه پێکدێنێ، ئه‌رکه‌کان زیاتر ده‌بن، بۆ وێنه: 1- به‌رانبه‌ر به هاوسه‌ره‌که‌ی 2- به‌رانبه‌ر به منداڵه‌که‌ی 3- وه‌کوو بنه‌ماڵه به‌رانبه‌ر به کۆمه‌ڵگاکه‌ی. ئه‌م به‌رپرسایه‌تیه زۆر شت ده‌گرێته‌وه وه‌ک به‌خێوکردن و به‌ڕێوه‌بردنی بنه‌ماڵه به‌تایبه‌ت منداڵ، ته‌رخان کردنی کات بۆ په‌روه‌رده‌و فێر کردنی منداڵ، ته‌رخان کردنی کات بۆ هاوسه‌ر، ته‌رخان کردنی کات بۆ ئه‌رکه‌کانی بنه‌ماڵه وه‌کو رێکخراوک به‌رانبه‌ر به بنه‌ماڵه‌کانیتر و کۆمه‌ڵگا. ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه‌ی که ئاماژه‌مان پێکردن کرداری تاک له بنه‌ماڵه‌دا سنوردار ده‌که‌ن، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا مافی تاکه‌کانیتر ده‌پارێزن
هه‌روه‌ها جۆری دابه‌شکردنی ئه‌رکه‌کانی بنه‌ماڵه به‌سه‌ر ئه‌ندامانی خێزاندا، جم و جۆڵ و راده‌ی ئازادی بڕیاری ئه‌ندامان دیاری ده‌کا. بۆ وێنه کارکرنی پیاو له ده‌ره‌وه‌ی خێزان و ژن له ناوه‌وه‌ی خێزان. به هۆی ئه‌وه‌ی که پیاو له باری ماڵیه‌وه خێزان به‌خێو ده‌کات ئیتر ژن و منداڵ چاویان له ده‌ستی پیاو ده‌بێت. ئه‌مه مه‌جال به پیاو ده‌دات ئه‌رکی خۆی به گرینگتر بزانێت و خۆی به خاوه‌نی خێزان بزانێت و له زۆربه‌ی کاته‌کاندا و له زۆربه‌ی بڕیاره‌کانی ناوماڵدا قسه‌ی یه‌که‌م بکات. مه‌سه‌له‌ی داهاتی بنه‌ماڵه که له ئه‌ستۆی پیاودایه له به‌رده‌وامبوون و مانه‌وه‌ی شکڵی بنه‌ماڵه له وڵاتانی نه‌ریتی و پاش مۆدێڕن ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێڕێ. ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵگایێکدا مه‌جالی کارکردن بۆ ژن و پیاو له یه‌ک ئاستدا بێت ئیتر ژن ترسی ئه‌وه‌ی نامێنێت ئه‌گه‌ر (به هه‌ر هۆیه‌ک) ده‌ست له بنه‌ماڵه به‌ردات چۆن ده‌کرێ خۆی یان خۆی‌و مناڵه‌کانی به‌خێو بکات. لێره‌دا ئه‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بکه‌م که ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ئابوری تاک کارکردێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئازادی ئیراده‌ی تاک له ناو خێزاندا هه‌یه. دوای زۆربونی رێژه‌ی بێ‌کاری له پیاواندا، یه‌کێک له هۆکانی به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ژنان بۆ پێکهێنانی خێزان و بنه‌ماڵه له ئێران‌دا، زۆر بوونی مه‌جالی کارکردن بۆ ژنان و توانایی له به‌خێوکردنی خۆیان بوه. ده‌شزانین له وڵاتانی مۆدێرنیشدا له باری ئابوریه‌وه تاک له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه پشتیوانی ماڵی ده‌کرێت. یانی ئه‌گه‌ر تاکێک کاری چنگ نه‌که‌وێت ئه‌وا ئه‌رکی ده‌وڵه‌ته "لانیکه‌می ژیانی" بۆ فه‌راهه‌م بکات. ئیتر تاک له‌م حاڵه‌ته‌دا جه‌سورتر ده‌بێت و بازنه‌ی خێزان بۆ دابین کردنی نانه‌سکی به ده‌ور خۆیه‌وه کۆی ناکاته‌وه. جا ئه‌و بنه‌ماڵانه‌شی که ره‌مزی به‌رده‌وامبوونی خێزانه‌که‌یان شتێکه جگه له هاوسه‌نگی عاتفی و جنسی و دیالۆگی موشته‌ره‌ک، کاتێ به‌ره‌و وڵاتانی مۆدێڕن کۆچ ده‌که‌ن، لایه‌نێکی خێزان واته ژن دوای پێ‌زانین به ماف و ئازادیه‌کانی خۆی زۆر ساناتر ده‌ست له خێزانه‌که‌ی به‌رئه‌دات
مێژو ده‌ریخستوه که ئینسان بونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه، یانی بۆ درێژه‌دان به ژیانی تاکی خۆی پێویستی به کۆمه‌ڵێک ئینسانی دیکه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێکی ئاسوده‌تر و ته‌ندروست بکات. کاتێ له ناو کۆمه‌ڵگادا با‌س له ئازادی ده‌کرێ، مه‌به‌ست له‌وه ته‌نیا ئه‌وه نیه تاک چی ده‌وێت ده‌توانێت بیکات به‌ڵکو مه‌به‌ست گشت ئه‌و مافانه‌یه که ده‌بێ کۆمه‌ڵگا به تاکی ببه‌خشێت. به واتایه‌کیتر کۆمه‌ڵگا به هه‌مو نه‌هاد و رێکخراو و تاکه‌کانیه‌وه ده‌بێ چلۆن له‌گه‌ڵ تاکدا هه‌ڵس و که‌وت بکات بۆ ئه‌وه‌ی تاک هه‌ست به به‌شخوراوی و سته‌م نه‌کات. که‌واته ئازادی تاک ده‌که‌وێته بازنه‌یێک له مافه‌کان. یانی ئازادی تۆ تا ئه‌و جێگایه په‌لده‌کێشێت که ئازادی من و ئه‌وانیتر ده‌سپێده‌کات. له‌م روه‌وه ئازادی مانای خۆی له ماف وه‌رده‌گرێ. ئازادی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی بپارێزێ مافی ئه‌وه‌ی نیه سته‌م بکات.( سته‌م و هه‌ڵاواردنی جنسی، چینایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی و
به‌ڵام بۆ وێنه ئایا خۆشه‌ویستی یاخود سێکس کردنی کچێکی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه بازنه‌ی سنوره‌کانی بنه‌ماڵه ده‌شکێنێ و مافی دایک و باوک و برا پێشێل ده‌کا؟ ئایا سێکس کردنی ژن یان مێردی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ نه‌فه‌رێکی ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه ئایا مافی خێزان و ئه‌ندامه‌کانیتری بنه‌ماڵه پێشێل ئه‌کات؟
لێره‌دا ئیتر ئه‌وه بنه‌ماڵه نیه که ده‌ڕوانێته مه‌سه‌له‌که به‌ڵکو نه‌ریتی کۆمه‌ڵگا، دین و هه‌روه‌ها یاسای وڵاته کرده‌وه‌که هه‌ڵئه‌سه‌نگێنێ و هه‌ڵوێست و کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ری ده‌بێت
له وڵاتانی مۆدێڕن قانون ته‌نیا له چه‌ند خاڵدا له ژیانی ناو بنه‌ماڵه خۆی هه‌ڵئه‌قوتێنێ، بۆ وێنه
ئا. به‌رگری کردن له توندوتیژی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه به‌رانبه‌ر به یه‌کتر (له گشت حاڵه‌ته‌کانیدا
ب. پشتیوانی کردن له مافی منداڵ چ له‌باری په‌روه‌رده‌و فێرکردن چ له باری ماڵیه‌وه
یانی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژن یان پیاوی بنه‌ماڵه بۆ سێکس کردن رووبکه‌نه ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه، یاسا به مافی خۆی نازانێت ده‌ستی تێوه‌ردات و ئه‌مه به قه‌رارداد و رێکه‌وتنی نێوان ژن و پیاو واته قه‌راردادی ناوخۆی بنه‌ماڵه ده‌زانێت و به که‌م و کوڕیێکی په‌یوه‌ندی ژن و مێرد له قه‌ڵه‌می ده‌دات و هه‌وڵ ئه‌دات وه‌کوو کێشه‌یێکی ناو بنه‌ماڵه لێی بڕوانێ و ئه‌گه‌ریش بتوانێت بۆ چاره‌سه‌ر کردنی یارمه‌تیان ئه‌دات (بۆ وێنه پێکه‌وه ژیانکردن و تاقیکردنه‌وه‌ی سێکس و ئه‌خلاقی یه‌کتر پێش ئه‌وه‌ی زه‌واج بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دواتر که‌متر توشی ناکۆکی ببن و روو نه‌که‌نه په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه. به‌تایبه‌ت که ئێستاکه بۆ هه‌موان ده‌رکه‌وتوه په‌یوه‌ندی جینسی سالم کاریگه‌ریه‌کی زۆری له‌سه‌ر خۆش بونی ژیان و به‌هێزتر بوونی په‌یوه‌ندی عاتفی و رۆحی له ژیانی ژنومێردایه‌تیدا هه‌یه). هه‌روه‌ها چونکه هه‌ندێ نه‌هاد وه‌کو باخچه‌ی منداڵان و مه‌دره‌سه توانیویانه هه‌ندێ له ئه‌رکه‌کانی بنه‌ماڵه بخه‌نه سه‌ر شانی خۆیان و په‌روه‌رده‌و فێرکردنی منداڵان به شێوه‌یێکی سیستماتیک و جیدی وه‌ئه‌ستۆ بگرن، ئیتر قانون خه‌می نیه‌و ده‌زانێ ئه‌گه‌ر ژن و پیاو له‌یه‌کتر جیا ببنه‌وه ئه‌وا ئۆرگانیتر هه‌ن هه‌تا په‌روه‌رده و گه‌وره‌کردنی منداڵان به شێوه‌یێکی زۆر رێک و پێک وه‌ئه‌ستۆ بگرن. له‌م رووه‌وه قانون تا راده‌یێکی زۆر ئازادی به تاکه‌کان به‌خشیوه که خۆیان بڕیار بده‌ن که چلۆن بنه‌ماڵه پێک بێنن و چلۆن له‌ناو بنه‌ماڵه‌دا ئه‌رکه‌کان دابه‌ش بکه‌ن. به‌ڵام له وڵاتانی پێش مۆدێڕن قانون بۆ ئه‌م کرده‌وه‌یه سزا ته‌رخان ده‌کات. ئیتر لێره‌دا تاوتوێ کردنی ئازادی تاک له‌چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌دا ده‌ترازێ و پێویسته ئازادی تاک په پێی قانونی وڵات بۆ ناو بنه‌ماڵه به‌رچاو بگرین

جگه له یاسا که باسمان کرد هه‌ندێ له سنوره‌کان ده‌سکردی بنه‌ماڵه نین، به‌ڵکو سه‌ر به نه‌ریتی کۆمه‌ڵگایه که وه‌کو چوارچێوه‌یێکی دیاریکراو به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌و ئه‌ندامه‌کانی ده‌سه‌پێنێ. وه‌کو دابه‌شکردنی کارکردن له ده‌ره‌وه بۆ پیاو و له ناوه‌وه‌ی بنه‌ماڵه به سه‌ر ژن‌دا. یان ئه‌وه‌ی که به ته‌نیا ژیان کردنی ئافره‌ت به کرده‌وه‌ێکی خراپ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ (له وڵاتانی پێش مۆدێڕن) و شتی‌تر ... . که‌واته بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئازادی تاک، پێوه‌ندی و شوێنی ئه‌و له بنه‌ماڵه‌دا ده‌بێ په‌یوه‌ندیه‌کان و ئازادیه‌کانی تاک له‌گه‌ڵ نه‌ریتی کۆمه‌ڵگاشدا به‌رچاو بگرین. چونکا خۆشه‌ویستی له چاخی بیست‌و یه‌کدا ئێستاش ته‌نها یه‌ک به‌شه له هۆکانی دامه‌زراندنی بنه‌ماڵه و زۆر هۆیتر هه‌ن که له جۆری پێکهاتنی بنه‌ماڵه کاریگه‌ری به‌هێزیان هه‌یه وه‌کو: سه‌روه‌ت و دارایی کوڕ یان کچ، پێویستی به سێکس (مه‌حروم بون له سێکس پێش زه‌واج)، توێژ و چین یان ئه‌وه‌ی که سه‌ر به چ بنه‌ماڵه‌یێکن و... هتد. که‌واته تاک له ناو هه‌ندێ نه‌ریت و عورف مه‌له ده‌کا و ته‌نیا له ناو ئه‌و بازنه‌دا ئازاده و چ له جۆری زه‌واج کردن و چ له جۆری به‌رده‌وام بون له خێزانداریه‌تیشدا هه‌روا ره‌فتار ده‌کا که له‌وه پێش بۆی پێناسه کراوه. بۆ وێنه له فه‌رهه‌نگی ئێرانی یاخود شه‌رقیدا قوربانی کردنی ئازادی و خۆشبه‌ختی فه‌رد بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامبونی بنه‌ماڵه (به تایبه‌ت به خاتری منداڵ) زۆر رێزی لێ ده‌گیرێ و دیارده‌ی ته‌حه‌مول کردن و هه‌ڵکردن، فارس وته‌نی - سوختن و ساختن- بایه‌خێکه بۆ دروست کردنی قاره‌مان یان قوربانیدان. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی هۆکاره‌کانی ته‌ڵاق له نێوان کۆمه‌ڵگای کۆچه‌ری ئێران له ئامریکا و ئۆروپا به تایبه‌ت سۆئێد بکه‌ین، ده‌بینین سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی پێناسه‌کردنی تاک له بنه‌ماڵه و جڤاگدا له لایه‌ن نه‌ریتی کۆمه‌ڵگای لێهه‌ڵبڕاو و کۆمه‌ڵگای ئێستایان. که هه‌ندێکیان ئه‌مانه‌ن:
ئا. هه‌ڤدو ناس نه‌کردنی ژن و پیاو پێش زه‌واج
ب. نه‌بونی فه‌رهه‌نگی هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ مێرد به پێی نه‌ریت و په‌ندی ئایینه‌وه له جڤاگدا
ج. درێژه‌دان به کرده‌وه‌ی پیاوسالارانه له جوغرافیای نوێ
د. هه‌بونی هه‌لی نوێ بۆ چێ کردنی ئه‌شقی رۆمانتیک و دروست کردنی خێزانی نوێ
ه. بونی یاسای پارێزگاری له ئافره‌تان.
به‌رده‌وام بوون له خێزاندا له روی ناچاریه‌وه به خاتری منداڵ جگه له‌وه‌ی که مافی دوولایه‌نی خێزان واته تاک به‌رچاو ناگرێت، ته‌نانه‌ت به هۆی کێشمه‌کێش و قه‌یران و ناکۆکی زۆر له بنه‌ماڵه‌دا کارکردێکی پێچه‌وانه‌ی له‌سه‌ر که‌سایه‌تی منداڵ به‌جێ ده‌هێڵێت و له پاشاندا تاکی ناساخ پێشکه‌ش به کۆمه‌ڵگا ده‌کرێت
ئێستاکه بنه‌ماڵه گرینگ‌ترین دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵگایه و ته‌نیا به‌دیل و که‌پرێکه بۆ دابین کردنی ئه‌منیه‌ت، ئارامی و ئاسایش بۆ منداڵ و ئه‌ندامه‌کانیتری خێزان و تا ئێستا هیچ نه‌هادێکیتر نه‌یتوانیوه جێی بگرێته‌وه‌و ئه‌م ئه‌رکه به جوانی به‌ڕێوه به‌رێت. بنه‌ماڵه‌ی سالم و کارامه شوێنێکه که ده‌توانێ سه‌ره‌کیترین بنکه‌ی سۆزداری و که‌مکردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوکێ بێت. هه‌ر ئه‌وه‌ی که منداڵێک سه‌ر بخاته سه‌ر سینگی باوک یان دایکی و ئارام بگرێت و هه‌ست به پشتیوان و ئارامشی رۆحی و ره‌وانی بکات ئه‌وا بنه‌ماڵه گه‌وره‌ترین ئه‌رکی خۆی به‌جێ هێناوه‌و له داهاتودا ئیسانێکی هاوسه‌نگ و به‌دوور له گرێوگۆڵه‌کانی نه‌فسی پێشکه‌ش ده‌کرێت
07.07.07
ئا. نظریه جامعه شناسی در دوران معاصر تالیف: جورج ریتزر ل 481
ب. . سایتی کۆمه‌ڵناسی ئێران
ب. . سایتی کۆمه‌ڵناسی ئێران